ساڵی 1954 له‌ شاری سلێمانی له‌ دایک بووه‌. له‌ ماوه‌ی خوێندنی ناوه‌ندیدا به‌شداری چه‌ندین پێشانگه‌ی چالاکی قوتابخانه‌ی کردووه‌. ساڵی 1970 له‌ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌کانی به‌غدا وه‌رگیراوه‌. له‌وێ به‌شی گرافیکی به‌ پله‌ی به‌رز  ته‌واو کردووه‌. پاشان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ ده‌چێته‌ ئه‌ورووپا و دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کوردستان.

یه‌که‌مین پێشانگه‌ی له‌ زانکۆی سلێمانی به‌ هاوبه‌شی ساڵی 1976 کردۆته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ چه‌ندین پێشانگه‌ی له‌ شاره‌کانی سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆک، به‌غدا و شاره‌کانی دیکه‌ی عیراق کردۆته‌وه‌.

ساڵی 1992 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند نامیق عه‌لی قادر پێشانگه‌یه‌کیان له‌ شاری پاریس کرده‌وه‌. ساڵی 1993 له‌سه‌ر بانگهێشتنی فرانسوا میته‌ران پیشانگه‌یه‌کی هاوبه‌شی بووه له‌ گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی كورد‌. هه‌روه‌ها له‌ وه‌ڵاتانی دیکه‌ی وه‌ک بریتانیا، ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا پێشانگه‌ی بووه‌. چه‌ندین پێشانگه‌ی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سامان که‌ریم دارتاش بووه‌.

له‌ نه‌وه‌ده‌کاندا بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک له‌ ڕێخراوی ماگ MAG دا کاری مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی کردووه.

دوایه‌مین پێشانگه‌ی هاوبه‌شی 16-03-2004  بوو بۆ یادی ساڵڕۆژی شازده‌ی مانگی مارت. هه‌ر له‌و ڕۆژ‌شدا  ئۆتۆمۆبیلێك لێی ده‌دات و به‌ سه‌ختی بریندار ده‌بێت. له‌ 28-03-2004 له‌ نه‌خۆشخانه‌ی الجادریه‌ی شاری به‌غدا، سه‌عات پێنجی ئێواره‌ گیانی له‌ ده‌ستدا.